Skip to main content

عێراق: دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵی گومانلێکراو بە داعش بوون

دەبێت ئەم مێردمنداڵانە چارەسەربکرێن و ئاشت بکرێنەوە لەگەڵ کۆمەڵگا

(جنێف)—هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان هەستاون بە تۆمەتبارکردن و سزادانی سەدان مێردمنداڵ بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش). هەندێک

وەستانی هەرزەکاران لەناو زیندانی سەنتەری چاکسازی ژنان و منداڵانی دهۆک لە باکوری عێراق لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٧.  © ڕۆیتەرز/ ئازاد لەشکری
جار تۆمەتەکانی دژیان لەسەر بنەمای زانیاری نادروست و دانپێنانی بەزۆر لەڕێگەی ئەشکەنجەوە بووە.

لە ڕاپۆرتە ٥٢ لاپەڕەیەکەیدا بە ناونیشانی "هەموکەس دەبێت دانپێدانان بکات: مامەڵەی خراپ لەدژی منداڵانی گومانلێکراو بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش" نیشانی دەدات کە بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان زۆرجار هەستاون بە دەستگیرکردن و دادگایکردن و سزادانی ئەم مێردمنداڵانە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش و ناچارکردنیان بە دانپێیدانان لەژێر ئەشکەنجەو سەپاندنی سزای زیندانی بەسەریاندا لە دادگایکردنی ناشەفافانەو ناعادیلانەدا. بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە سەرباز دەکرێن دەبێت وەک قوربانی تەماشابکرێن و چارەسەر بکرێن و ئاشت بکرێنەوە لەگەڵ کۆمەڵگا.

جۆو بەیکەر، بەڕێوەبەری داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "ئەو مێردمنداڵانەی تۆمەتبارکراون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیندانی دەکرێن و زۆرجار سزاو ئەشکەنجە دەدرێن بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی تێوەگلانیان لەگەڵ ئەم گرووپە. ئەم جۆرە سزادانی بە کۆمەڵە عەدالەت نیە و گاریگەری نەرینی و درێژخایەنی لەسەر زۆرێک لەم منداڵانە دەبێت."

ئەو مێردمنداڵە عێراقیانەی کە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیرکراون دەڵێن لەپاش ئازادکردنیشان دەترسن بگەڕێنەوە ناو خێزان و ناوچەکانیان لەبەرەوەی دەستگیرکردنەکانیان ڕاستەوخۆ وەک داعش ناوزەندیان دەکاو ڕووبەڕووی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان دەکاتەوە. ئەو منداڵانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیندانیکراون ووتیان دەترسن لەوەی دووبارە دەتسگیربکرێنەوە ئەگەر بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەغدایە. ئەم پەڵە ڕەشە بە نێوچاویانەوە دەبێتەهۆی لێکترازانی درێژخایەن لە خێزان و کۆمەڵگاکەیان.

بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی پڕلە هەڵەو کەم و کوڕی بەکاردەهێنن لە سکرینکردن و لێکۆڵینەوە کە زۆرجار دەرەنجامەکەی بە زیندانیکردن و سزادانی مێردمنداڵان کۆتایی دێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئایا منداڵەکە پەیوەندی بە داعش هەبووە یان ئاستی پەیوەندیەکەی چەند بووە. بۆ نموونە، مێردمنداڵێکی دەستگیرکراو کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو ووتی لە چێشتخانەیەکی موسڵ کاریکردووە کە خواردنیان بۆ ئەندامانی داعش دروستکردوەو ووتی کە لەوبڕوایەدایە بۆیە ناوی لە "لیستی داواکراواندا" هەبووە لەبەرەوەی داعش ناسنامەکەیان بردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی بۆ پێدانی پارەی ڕۆژانەکەی.

هەندێکی تر دەستگیرکراون لەبەرەوەی ناویان هاوشێوەی ناوی ئەندامی داعش بووە لەناو لیستی داواکراواندا. لە هەندێک حاڵەتدا، دراوسێ کە ناکۆکی لەگەڵ دراوسێکەی هەبووە ڕاپۆرتی لەسەر داوەو تاوانباری کردووە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بەبێ خستنەڕووی بەڵگەیەکی ڕوون.

بەپێی ئاماری هیومان ڕایتس ۆوچ لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠٠ مێردمنداڵیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیندانی کردووە. بەپێی ووتەی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی،  لانی کەم لە ١٨٥ مێردمنداڵی بیانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری تیرۆریستی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. 

لە تشرینی دووەم، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٩ کەس ئەنجامدا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیرکراون کاتيک مێردمنداڵ بوون، هەروەها لەگەڵ خێزانی ٨ مێردمنداڵی تر کەلەلایەن بەرپرسانی عێراقیەوە بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیرکراون. ئەمە جگەلەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ پاریزەرانی مافەکانی منداڵ و پارێزەرانی ناوخۆیی و شارەزایانی یاسایی کردوە. لەساڵی ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ سەردانی چەند زیندانێکی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقی کرد کە مێردمنداڵانی دەستگیرکراوی بە تۆمەتی داعش بوون تێدابووە.

لەو مێردمنداڵانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەل کراو دانیانان نابوو بەوەی کە پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە، زۆرێکیان ووتیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان یان بەهۆی فشاری هاورێ و خێزان یان بۆ دەربازبوون لە کێشەی خێزانی یان بۆ ناو و پلەی کۆمەڵایەتی پەیوەندیان بە گرووپەکەوە کردووە. هەندێکیان ووتیان، وەک پاسەوان و چیشتلێنەرو شۆفێر کاریان کردووە. هەندێکی تریان نکۆڵیان کرد لەوەی هیچ پەیوەندیەکیان بە داعشەوە هەبووبێ، بەڵام ووتیان ئەندامێکی خێزانەکانیان یان کەس و کاریان لە ناو داعشدا بووە. هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانی سەربەخۆیانە ئەم تێوەگلانانە پشتڕاست بکاتەوە.

لەگەڵ دەستگیرکردنیان ئەفسەرانی ئەمنی هەستاون بە ئەشکەنجەدانیان تا ناچاریان بکەن بە ئیعتراف کردن. نۆزدە لەو ٢٩ مێردمنداڵ و کوڕانەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون ووتیان بە سۆندەو کێبڵی کارەبایی و دار لێیاندراوەو ئەشکەنجەدراون. ئەمەجگەلەوەی هەندێکیان ووتیان تەزووی کارەبایان لێدراوە.مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ ووتی، ئەفسەری لێکۆڵەرەکەی پێی ووتوە، "دەبێت بڵێی لەگەڵ داعش بووی. تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشیان نەبوو بیت، دەبێ بڵێی لەگەڵیان بووی."

مێردمنداڵێکی تری تەمەن ١٧ ساڵ کەلەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیرکرابوو ووتی، بەردەوام لێیدراوەو هەرجارەو بۆ ماوەی ١٠ خولەک هەڵواسراوە لەکاتێکدا دەستی لە پشتیەوە بەستراوە. ئەو ووتی کە ئەفسەرانی لێکۆڵەرەکەی پێیان ووتوە ئەگەر نکۆڵی لە دانپێنانەکەی لەبەردەم دادوەر بکات ئەوا ئەشکەنجەی زیاتری دەدەن.

هەندێک لەو مێردمنداڵانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیندانیکراون ووتیان بە دادوەریان وتووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافیان کردووە، بەڵام دادوەرەکە قسەکەیانی پشتگوێ خستووە. هەرچەندە لە یاسای هەرێمی کوردستان و عێراقدا هاتووە کە دەبێت حکومەت پارێزەر بۆ بەرگریکاران دابین بکات، زۆرێک لە مێردمنداڵەکان ووتیان ئاگادار نەبوون لەوەی کە پارێزەریان هەبووبێ یان و دادگایکردنەکانیان لە ٥ تا ١٠ خولەک زیاتری نەخایاندوە.

لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیدا، هەندێک جار مێردمنداڵەکان لەگەڵ زیندانیە پیاوەکان لە بەندیخانەی زۆر قەرەباڵغ وپیس بەبی پرۆگرامی خوێندن و چارەسەری دەروونی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیان بەند دەکرێن. ئەو مێردمنداڵانەی لە سەنتەری چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر زیندانی بوون ووتیان بارودۆخیان باشترەو خواردنیان باشەو لە پیاوانی زیندانیکراو جیاکراونەتەوە. بەڵام، ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعش لەوێ بەندکراون خوێندنیان بۆ دابین نەکراوەو هەندێک جار بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر ڕيگەیان پێنەدراوە لە ژوورەکانیان بچنە دەرەوەو هەروەها ڕێگەی تەلەفۆنکردنیان لەگەڵ خێزانەکانیان پێنەدراوە بەرلە دادگایکردنیان. هەندێکیان ووتیان کە لەلایەن پاسەوانەکانەوە لێیان دراوە بەهۆی ئەنجامدانی کارێک کە پاسەوانەکان بە ڕەفتاری خراپیان لەقەڵەم داوە.

دەبێت حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لەیاساکانی دژەتیرۆریاندا بکەن و کۆتایی بهێنن بە زیندانیکردن و سزادانی مێردمنداڵان تەنها لەبەرەوەی ئەندامی داعش بوون، لەگەڵ داننان بەوەی کە یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕێگری لە بەسەربازکردنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات. دەبێت هەموو ئەو مێردمنداڵانە ئازاد بکرێن کە هیچ تاوانێکی تریان ئەنجام نەداوەو دڵنیایی بدەن لە چاکسازی کردنیان و ئاشتکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگا.  ئەو مێردمنداڵانەی کە تاوان و توندوتیژیان ئەنجامداوە دەبێت بەپێی ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان بۆ دادوەری مێردمنداڵان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەبێت بەرپرسان کۆتایی بە هەموو شێوازێکی ئەشکەنجەدان بهێنن و لێکۆڵینەوەو سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەرپرسیاربوون لە ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵان.

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.