Skip to main content

عێراق: قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە بەسرە

دەرەنجامی دەیان ساڵ لە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و پیسبوونی ئاو هەوا

ڕووبارێک لەناوەڕاستی بەسرە کە پڕە لە زبڵ و زێراب و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەیە دەڕژێتە ناوی ڕووباری شط العرب، ١٢ی ئەیلولی، ٢٠١٨. © 2018 ئاڵا المرجانی/ ڕۆیتەرز
 

(بە‌غداد) -- هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٠ ساڵە بەرپرسانی عێراقی نەیانتوانیوە چارەسەری کێشەی ئاوی خواردنەوەی بەسرە بکەن کە دەرەنجامەکەی دروستبوونی مەترسی بەردەوام بووە بۆسەر تەندروستی دانیشتوانی پارێزگاکە. چارەسەرنەکردنی کێشەکە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی ئاو کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا لانی کەم لە ١١٨ هەزار کەسی ناچارکرد بە چوونە نەخۆشخانەو دروستبوونی خۆپیشاندان و تووندوتیژی. 

لە ڕاپۆرتە ١٢٨ لاپەڕەیەکەیی هیومان ڕایتس ۆوچ لە ژێر ناونیشانی "بەسرە تینوویەتی: شکستی عێراق لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو،" دەرکەوتووە کە قەیرانەکە دەرەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری ئاڵۆزەو ئەگەر چارەسەر نەکرێت ڕەنگە بێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشی کوشندەو خراپتر بوونی باری ئابووری لە داهاتوودا. بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی و ناوخۆی کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە لە چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی ڕێخۆشکەربوون بۆ دروست بوونی قەیرانەکە.  

لەما فەقیە، بەڕێوەبەری کاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "سیاسیە کورت بینەکان دەڵێن قەیرانەکە پێویست بە چارەسەری بەپەلە ناکات بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینەوە. سەرەڕایی ئەوەی بەسرە بەردەوام ڕووبەڕوی قەیرانی کەمی ئاو و پیسبوونی ژینگە دەبێتەوەو ئەگەر حکومەت هەڵنەستێ بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە مەترسی گەورەتر لەسەر دانیشتوانەکەی لە چەند ساڵی داهاتوودا دروست دەکات." 

هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ ئەم مەبەستە چاوپێکەونتی لەگەڵ ٥٨ هاووڵاتی بەسرە، كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی ئاو، و شاره‌زایانی ته‌ندرووستی كرد ، ئەمە جگەلەوەی هەستا بە شیکاری تاقیگەیی نموونەی ئاوی ڕووباری شط العرب وفەرمانگەی ئاو ئاوەڕۆکان و ئاوی بەلوعەی ماڵان. هەروەها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەو، ئۆفیسی پارێزگارو وەزارەتەکانی سەرچاوەی ئاو شارەوانی و فەرمانگەکانی ئاو ژینگەو تەندروستی و کشتوکاڵ ئەنجامدا، لەگەڵ شیکارکردنی داتای ئەکادیمی و زانستی و تەندروستی زیاتر لە ٢٠ ساڵ و دیمەنی مانگی دەسکردی ناوچەکە لەپێناو پشتڕاستکردنەوەی دەرەنجامەکان. 

سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی پارێزگای بەسرە ڕووباری شط العرب و سەرچاوەی ئاوی ترە. هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی دەرکەوت کە بەرپرسانی عێراقی بۆ ماوەی چەندین دەیەیە، بەوکاتەوەش کە عێراق لەژێر دەسەڵاتی کاتی داگیرکاری ئەمریکاو بەریتانیادا بوو، شکستیان هێناوە لە باش بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کە دەرەنجامەکەی بێبەشکردنی چوار ملیۆن دانیشتوی پارێزگای بەسرە بووە لە ئاوی خواردنەوە. لە ساڵی هەشتاکانەوە بەهۆی شکستی یەک لەدوای یەکی حکومەت لە خراپ ڕێکخستنی سەرچاوەکانی ئاو پشتگوێ خستن و ئەنجام نەدانی پرۆژەی تایبەتی ئاو نەبوونی یاسایی تایبەت بە پیسبوونی ژینگە دەرەنجامەکەی خراپ بوونی کوالێتی پرۆژەی ئاوی بووە لە پارێزگاکەدا. 

بەهۆی پیسبوونی ئاوی پارێزگاکەو کەمی ئاوی خواردنەوە، دانیشتوانی بەسرە ناچاربوون بە کڕینی ئاوی خواردنەوە. گرانی نرخی ئاو بە تایبەت لەکاتی قەیرانەکەدا فشاری زۆری لەسەر خێزانە هەژارەکانی پارێزگاکە دروستکردبوو، ئەوەش وایکرد کە ئەم خێزانانە زیاتر ڕووبەڕوی مەترسی تووشبون بە نەخۆشی ببنەوە. 

جعفر سباح، جووتیارێکی ابو خسیب کە شارۆچکەیەکی هەژارنشینی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەسرەیە، بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت،

ساڵانی ڕابردوو لە سەدا پەنجای بەروبومەکەمم دەدوریەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ دا هیچی بەروبومەکەمم بۆ نەمایەوە. لە ساڵی ٢٠١٨، ڕێژەی خوێ ئەوەندە لە ئاوەکەدا زۆر بوو دەمتوانی بە دەست خوێ لە ئاوەکەدا دەربهێنم. خۆم و منداڵەکانم خەریکە لە تونێتیدا دەمرین. چوار حاڵەتی ژەهراوی بوون بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە لەناو خێزانەکەمدا هەبووە. پارەم نیە بیانبەم بۆ نەخۆشخانە. لە کوێ پارە بێنم؟ 

هیومان ڕایتس ۆوچ بەڵگەی دۆزیوەتەوە کە بڕێکی زۆر لە قەوزەی زیانبەخش لە ناو ڕووباری شط العرب لە ناوەڕاستی بەسرەدا ڕەنگە هۆکاری قەیرانە تەندروستیەکەی هاوینی ساڵی ٢٠١٨ بووبێ. هەروەها دیمەنی ئەو مانگە دەستکردانەی لەلایەن هیومان رایتس ۆوچ شیکاریان بۆ کراوە نیشانی دەدەن کە ڕێژەیەکی زۆر لە لە زبڵ و خاشاک بە درێژایی کەناڵەکانی ئاو لەناو شاری بەسرە هەیە کە هەموویان دەڕژێنە ناو ئاوی شط العرب لە ناوەڕاستی شاری بەسرە لە مانگی مارسی ٢٠١٨ بۆ شووباتی ٢٠١٩. بەرواری دیمەنی مانگە دەستکردەکان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨.  © 2019 DigitalGlobe-Maxar Technologies; Source: European Space Imaging

کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان بەهۆی لێدانی جۆگەی ئاودێری زۆر بۆ زەویە کشتوکاڵیەکان و کێڵگەکانی شەکر، بەتایبەت لە ئێران، و کەمی ڕێژەی بارانبارین لە چەند دەیەی ڕابردوودا قەیرانەکەی خراپتر کردووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە کەش و هەوای جیهاندا چاوەڕوان دەکرێ ئاو لە ناوچەکە ڕوو لە کەمبونەوەی زیاتر بکات. سەرەڕایی ئەمە، حکومەت هەڵنەستاوە بە گرتنەبەری سیاسەتێکی گوونجاو بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی. لەلایەکی ترەوە، بەفیڕۆدان و خراپ بەکارهێنانی ئاو لە زەویە کشتوکاڵیەکان و شارەکاندا قەیرانەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. هەروەها کەمبوونەوەی ئاو لە ناوچەکە وایکردوە کە ڕووباری شط العرب بە ئاوی سوێری دەریا پڕبێتەوەو ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاوی ڕووبارەکە بۆ خواردنەوەو ئاودێری کشتوکاڵی گوونجاو نەبێت.  

جگە لەمانەش، فەرمانگەکانی ئاو ئاوەڕۆی بەسرە لەو جۆرە تەکنەلۆجیایە بێبەشن کە بەکاردەهێنرێ بۆ پاڵاوتنی ئاوی دەریا ئەمەش کاریگەری کلۆرین و ماددە کیمیاویەکانی تر کە بۆ پاککردنەوەی ئاو بەکاردەهێنرێن کەم دەکاتەوە. زیاد لەوەش، شارەزایان دەڵێن کە بەرپرسانی فەرمانگەی ئاوئاوەڕۆکان بە ئاسان ڕێژەی کلۆرینی پێویستیان دەست ناکەوێ لەترسی ئەوەی کە ماددەکە نەکەوێتە دەست گرووپە تیرۆریستیەکان و وەک چەک بەکاری بهێنن. 

تەنانەت ئەگەرکلۆرینیش بەکاربهێنرێ ڕێژەیەکی زۆر لە پیسی و خوێ لەئاودا کاریگەری کلۆرینەکە لە کوشتنی بەکتریادا کەم دەکاتەوە. جگە لەوەش، زۆرینەی بۆریەکانی تۆڕی ئاوی بەسرە شکاون و درزیان تێدایەو ئەوەش وادەکات ڕێژەیەک لە ئاوی ژێر زه‌وی تێکەڵی ئاوی ناو بۆریەکان بێت و کاریگەری کلۆرینەکە کەم بکاتەوە. 

لەگەڵ ئەمانەشدا، بەرپرسان هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەو ژینگەی شارەکەیان پشتگوێ خستووە. پاش شیکاری وێنەی مانگە دەستکردەکان، هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ئاشکرابوو کە لە ساڵی ٢٠١٨ و لە ناوەڕاستی بەسرەدا دوو حاڵەتی لیک کردنی نەوتی ڕەش بووەتە کاریگەری هەبووە لەسەر ئاوی شط العرب و دوو بۆری ئاوی خواردنەوە، ئەمە جگەلەوەی کە دوو بۆری تری نەوت ناوە ناوە پیسایی و پاشماوەیان کردۆتە ناو ڕووبارەکە. 

لە هاوینی ٢٠١٨، لانی کەم لە ١١٨ هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە بەهۆی خراپی کوالێتی ئاوی خواردنەوە. هێشتا بەرپرسان دەرنجامی لێکۆڵینەوە فەرمیەکانی هۆکارەکانی قەیرانە تەندروستیەکەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە. 

هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکەی ساڵی ٢٠١٨ بریتی بوون لە ڤایرۆسەکانی پاراسایت و نۆرۆڤایرۆس وبەکتریاو پاشماوەکانی ژەنگ و پیسی بۆریەکانی زێراب و زەویە کشتوکاڵیەکان و ناوچە پیشەسازیەکان. بەپێی ووتەی ئەو شارەزایانەی کە لەکاتی قەیرانەکەدا شیکاری ئاوی بەسرەیان کردبوو، پیسی ئاوی خواردنەوە ڕەنگە هۆکاری بڵاوبونەوەی پەتاکە بووبێت. 

هیومان ڕایتس ۆوچ بە بەڵگە بۆی دەرکەوت کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا ڕێژەیەکی زۆر لە قەوزەی ژەهراوی لە ڕووباری شط العرب هەبووە. پیسبوونی ئاو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەهۆی گۆڕانکاری لە کەش و هەوای جیهاندا هۆکاری دروستبوونی قەیرانی لەم جۆرەیە، بەڵام حکومەت پشتگوێی خستووە. 

لە دیمەنی مانگە دەستکردەکان دەردەکەوێ کە لیککردنی بۆری نەوتی ڕەش لە نزیک کێڵگەی نەوتی نەهر بن العمر کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە کۆمپانیایەکی ‌حکومیە بەڕێوە دەچێت و کە بە دووری ٢٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری شاری بەسرە دەڕژێتە ناو ئاوی شط العرب. لانی کەم لە ١٠ ڕۆژ لیک کردنەکە بەردەوام بووە. بەرواری دیمەنی مانگە دەستکردەکان ١٥ی تەمووزی ٢٠١٨.  © Planet Labs 2019

ئەو تاقیگانەی شیکاری ئاوی بەسرەیان کردووە لەکاتی قەیرانەکەدا پشکنینیان بۆ قەوزەی ژەهراوی ئەنجام نەداوە. 

عێراق سیستمی ئاگادارکردنەوەی تەندروستی گشتی نیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەکاتی پیس بوونی ئاوی خواردنەوەو گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی. 

پرۆژەکانی حکومەت بۆ پاشکردنی کوالێتی ئاوی خواردنەوە جێبەجێنەکراوە بە هۆی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی. ماوەی چەندین ساڵە جوتیارەکان و خاوەن پیشەکانی بەسرە بە وویستی خۆیان جۆگەی ئاودێری و کەناڵی ئاو دروست دەکەن کە بوەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی ئاوی پێویست نەگاتە فەرمانگەکانی ئاو ئاوەڕۆ بۆ دانیشتوانی بەسرە. 

هەموو ئەم شکستانە پێشێلکاری مافی دانیشتوانی بەسرەیە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو پاک و خاوێنی و تەندروستی و مافی زانیاری و موڵک و زەوی کە لە یاسا دەوڵەتی و نێودەوڵوەتیەکاندا گرەنتی کراون.  

بەروبوومی کشتوکاڵ داهاتی سەرەکی ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای بەسرەیە. بەڵام، سوێری ئاوی ڕووبارەکان زیانی زۆری بە زەویە کشتوکاڵیەکان گەیاندوەو بەشێوەیەکی بەرچاو بەروبومی کشتوکاڵی کەمکردۆتەوە. 

دەبێت حکومەت کاربکات بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ژینگەیەکی خاوێن بۆ هەمووان بەبێ جیاکاری و بەپێی ستاندەردی جیهانی، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی زۆریان هەیە. زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دانیشتووی پارێزگای بەسرە بۆری زێراب و ئاوی خواردنەوەیان بۆ ڕانەکێشراوە ئەمەش هەندێکیانی ناچارکردووە بە ڕێگەی نایاسایی ئاوی خواردنەوە ڕابکێشن کە دەرەنجامەکەی بەفیڕۆچوون و پیسبوونی ئاوی بۆریەکان و کەمبوونەوەی فشاری ئاوی ناو بۆریەکان بووە. 

لە ٢٢ی تەمووز، هونەرمەندی کۆمیدی بەناوبانگی بەسرە ئە‌حمەد وەحید بە هاوبەشی لەگەڵ هیومان ڕایتس ۆوچ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێید داوای لە عێراقیەکان کردبوو فشاربخەنەسەر حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە. داوای لە عێراقیەکان کردبوو کە وێنەی سێڵفی خۆیان بە پەرداخێک ئاوەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبکەنەوە بە ئاوی پاک بۆ #بەسرە بۆ هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی بەسرە. 

دەبێت بەرپرسانی عێراق دەستبەجێ هەستن بە دابینکردنی سیستمی ئاگادارکردنەوەی تەندروستی گشتی تا بەرپرسان بتوانن هۆشیاری بدەنە هاووڵاتیان لە کاتی پیسبوونی ئاوی خواردەنەوەداو گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ بەرگرتن بە زیانەکانی، لەگەڵ دامەزراندنی پرۆتۆکۆڵێک بۆ بەرپرسانی حکومی بۆ فریاگوزاری خێرا لەکاتی دروستبوونی قەیراندا.  

دەبێت بەرپرسانی فیدراڵی و ناوخۆیی هەستن بە دامەزراندنی فەرمانگەیەکی بێلایەن بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە و دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان بەرپرساندا و ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کاریگەری قەیرانەکەیان لەسەرە. دەبێت ئەم فەرمانگەیە هەستێ بە ئاشکراکردنی دەرەنجامی ڕاپۆرتەکانی قەیرانە تەندروستیەکەی ساڵی ٢٠١٨ بۆ ڕای گشتی لە گەڵ دانانی پلانێکی درێژخایەن بۆ ڕێگرتن لە قەیرانی لەم جۆرە لە داهاتوودا و خێرا بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان لەکاتی دروستبوونی قەیرانی لەم جۆرە. دەبێت ئەم فەرمانگەیە هەستێ بە قەرەبووکردنەوەی ئەوکەسانەی ژیان و گوزەرانیان زیانی پێگەیشتووە بەهۆی قەیرانەکەوە. 

فەقیە ووتی، "دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە تەنها گرەنتی نیە بۆ مانەوەمان لە ژیاندا، بەڵکو مافێکی بنچینەی هەموو کەسێکە. لەکاتێکدا چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوی بەسرە پێویستی بە پلانێکی جدی و کات و بووجە هەیە، چارەسەری کێشەکە مەحاڵ نیە ئەگەر بەرپرسان بەجدی بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێ بکەن. جگە لەجێبەجێکردنی ئەم چارەسەرە، هەربە دیلێکی تر دەرەنجامەکەی کووشندە دەبێت."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country