Skip to main content

هەرێمی کوردستانی عێراق: داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵێکی میدیایی

کارێکی نایاسایی ڕەنگە ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بێت

بارەگای (ئێن.ئاڕ.تی) لە سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستا بە داخستنی ئۆفیسەکانی تری کەناڵەکە لە هەولێرو دهۆک لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٠ لە پاش ڕۆماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی دژبە حکومەت © 2020 SHWAN MOHAMMED/AFP via Getty Images

(بەیروت)—هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کوردی بەشێوەیەکی نایاسایی هەستاون بە داخستنی دوو ئۆفیسی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) بەهۆی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکان یان پەخشکردنی بابەتی ڕەخنەئامێز لە پارتی دەسەڵاتدار.

بەرپرسانی کورد هیچ فەرمانێکی دادگایان نەبووە بۆ داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵەکەو بڕیارەکەیان تەنها لە دهۆک و هەولێری ژێر کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێبەجێ کردوە ئەوەش وادەکات داخستنەکە ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بێت.

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و ئاشتی لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "ئەگەر (ئێن. ئاڕ.تی) یاسای شکاندوە، بەرپرسان بە دڵنیاییەوە دەیانتوانی هەموو ڕێکارێکی گونجاو لە دادگا لە دژی کەناڵەکە بگرنەبەر. بەڵام لەبری ئەوە بەرپرسانی حزبی هەستاون بە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەدژی کەناڵەکە لە دەرەی یاسا."

هەراسانکردنی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) و پەیامنێرەکانی بەشێکە لە پیشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هێرش کردنە سەر میدیاکاران. لە مانگی حوزەیران، هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر بڕگە یاساییەکانی ناوزڕاندن و هاندان کە بەرپرسانی بەغداو هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناوە لە دژی ئەوانەی ڕەخنەیان لێدەگرن وەک ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانان و دەنگە ناڕازیەکانی تر.

لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠، شاسوار عبدولواحید قادر، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە پارتێکی سیاسی ئۆپۆسیزیۆنە لە هەرێمی کوردستان، بانگەوازێکی لە کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) بڵاوکردەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی گشتی لە دژی گەندەڵی و داواکردنی خوێندنێکی باشترو هەلی کار. لە ١٢ی ئاب، بانگەوازەکەی چەند خۆپیشاندانێکی لەسەرتاسەری هەرێم بۆ ماوەی هەفتەیەک لێکەوتەوە. کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) کە بەهەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پەخش دەکات تەنها کەناڵ بوو کە بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی کرد.

لە ١٩ی ئاب، ڕێبوار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) و کارمەندێکی تر کە لە ئۆفیسەکەدا بوبو بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسەکەیان لە دهۆک و ستافەکەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کردووە پاشان فەرمانیان پێکردون بڕۆنەوە ماڵەوە، ئەمەش لەبەرەوەی پەخشی خۆپیشاندانەکانیان کردبوو.

 عەبدولڕەحمان ووتی، هێزەکانی ئاسایش هیچ فەرمانێکی دادگایان نیشان نەداون، بەڵام پێیان گوتون کە لەلایەن بەرپرسێکی پارتیەوە فەرمانیان پێکراوە ئۆفیسەکەیان دابخەن.

عەبدولڕەحمان ووتیشی، ئاسایش هەستاوە بە داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکەیان لە هەولێر لە هەمان ڕۆژدا بەبێ نیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادگا. ئەم دوو ئۆفیسە هێشتا بە داخراوی ماونەتەوە، بەڵام پەخشی کەناڵەکە بەردەوامە لەبەرئەوەی بەرپرسان بارەگای سەرەکی کەناڵەکەیان لە سلێمانی دانەخستوە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە تیمی  پەیامنێرانی کەناڵەکە لە هەولێرو دهۆک نەیانتوانیوە ڕوماڵی ڕوداوەکانی هەلێرو دهۆک ڕاستەوخۆ بکەن یان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەربکەون.

دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکیکردنی نيودەوڵەتی، لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ لە ٢٣ی ئاب گووتی گوایە کە کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) و قادر بەردەوام لە هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ئازادیە ڕۆژنامەگەریەن کە لە کوردستان هەیە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان. عادەتەن پەنا بۆ هاندان و هەڵمەتی پروپاگەندە دەبەن بۆ ڕەخنەگرتن لە بارودۆخەکە وەک لە کاتی جەنگی دژە تیرۆرو بڵاوبونەوەی پەتای کرۆنا."

ئەو ووتی کە کەناڵەکە ماددەی دووی یاسای ١٢ی ساڵی ٢٠١٠ی پێشيلکردووە کە بە گوتەی ئەو یاساکە هاندانی "تێکدانی ئارامی کۆمەڵگا و ئاژاوەناوە" لەلایەن کەناڵەکانی میدیاوە بە تاوان لەقەڵەم دەدات. یاساکە ڕێگە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەدات هەستێ بە داخستنی کەناڵە میدیاییەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر وەک سزای سەرەتایی، پاشان بۆماوەی هەفتەیەک ئەگەر لە پێشيلکاریەکە بەردەوام بوو، پاشان لە کۆتایدا لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە کەناڵەکە.

زێباری ووتی لەم کەیسەدا وەزیری داد لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داوای هەڵپەساردنی پەخشی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) کردوە بەهۆی "هاندانی هاووڵاتیان لە پێشێلکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتای کرۆنا." هیومان ڕایتس ۆوج نەیتوانی بزانێ ئەوە کام یاسایە زێباری باسی دەکات بەو پێیەی ئەو یاسایەی ئەو ناوی برد پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێم هەیە.

زێباری ووتیشی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان چەند جارێک کەناڵەکەی ئاگادارکردۆتەوە کە دواین ئاگادارکردنەوە لە ٣ی حوزەیران بووە. بەڵام، شیروان عەوڵا، بەرپرس لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە ٨ی ئەیلول ووتی کە وەزارەتەکەی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیەی بە کەناڵەکە نەداوە. لە ٩ی ئەیلول، زێباری لە پۆستێکی فەیسبووکدا کەناڵەکەی بە "هاندانی خەڵک بە خۆپیشاندان و یاخیبوون لە دەسەڵات" تاوانبار کردو ووتی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) هەمیشە هەڵدەستێ بە پێشيلکردنی یاساکان بە هاندانی خۆپیشاندان کردن و تێکدانی ئارامی کۆمەڵگا،" هەروەها ووتی کە کەناڵەکە بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی حکومەتی هەرێم ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە.

یەکێک لە پارێزەرەکانی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، لە ١٧ی ئەیلول بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، بەرپرسان هیچ نامەیەکی فەرمی ئاگادارکردنەوە یان نووسراوی دادگایان لەم بارەیەوە بۆ کەناڵەکە نەناردوە. ووتی کە پارێزەرێکی تر چووەتە دادگای هەولێر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی گوایە هیچ داوایەکی یاسایی لە دژی کەناڵەکە لە دادگا هەیە، بەڵام بەرپرسانی دادگا پێیان ڕاگەیاندووە هیچ داوایەکی یاسایی لەو جۆرە نیە.

عەبدولڕەحمان و پارێزەرەکە ئاماژەیان بەوەکرد کە بارەگای سەرەکی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) لە سلێمانی دانەخراوەو گوتیان ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵەکەیان لە هەولێرو دهۆک مەرامی سیاسیان لە پشتەوەیە لەبەرەوەی ئەو دوو پارێزگایە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، بەڵام سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدا نیە. فەرمانی دادگا بۆ داخستنی کەناڵەکە دەبوو هەموو کوردستانی بگرتایەتەوە بە سلێمانیشەوە.

دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی تریان گرتۆتەبەر بۆ تۆقاندنی ستافی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی). لە ١٩ی ئاب، ئاسایش پەیامنێرێکی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) لە زاخۆ دەستگیردەکات بەپێی یاسای (١١/٢٠١٠)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی کە بەپێی ئەم یاسایە خەڵک بۆی نیە بەشداری لە خۆپیشاندانێک بکات کە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە پێشتر مۆڵەتیان لە دەسەڵاتداران وەرنەگرتبێت بۆ ئەنجامدانی.  

عبدالڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ، ووتی، بۆماوەی ١١ ڕۆژ دەستبەسەری دەکەن و پاشان بە کەفالەت ئازادی دەکەن و دواتر داواکەی لە دژ دەکشێننەوەو دان بەوە دەنێن کە وەک ڕۆژنامەنوس ڕوماڵی خۆپیشاندانەکەی کردووە. هەروەها ووتی کە دەستیان گرتوە بەسەر  کەلوپەل و کامێرای تیمە پەیامنێرەکانی تر لە ئاکرێ، یەکێکیان لە پاش ئەوەی بە بازگەکەدا تێپەڕیوە بۆ ڕوماڵکردنی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیاو ئەوی تریان لە بازگەکەدا لە دەرەوەی ئامێدی.

لە کاتێکدا یاساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ڕێگە بە حکومەتەکان دەدا لەسەپاندنی چەند ڕێوشوێنێکی سنوردارکردن لە دژی میدیا بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام دەبێت ئەم جۆرە سنوردارکردنە بە یاسا ڕێکبخرێ و "پێویست بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی." گرتنەبەری هەر جۆرە ڕێوشوێنێکی سنوردارکردنی میدیا دەبێت بەپێیی پێویستیەکی جدی کۆمەڵگا بێت و هاوتا بێت لەگەڵ بنەما دیموکراسیەکان و بەهاکانی پلورالیزم و قبوڵکردن. هەروەها دەبێت سنوردارکردن زیاد لەقەبارەی خۆی نەبێت و بەقەد پێویستیەکە بێت.

نابێت سنوردارکردن بەکاربهێنرێ بۆ سەرکوتکردن یان شاردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەرژەوەندی گشتین و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ناگەیەنن و بەکارنەهێنرێن بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە ئەم زانیاریانە بڵاودەکەنەوە. بۆ هەر حکومەتێک ئەم بەرپرسیارێتیەی جێبەجێ بکات، دەبێت ڕۆژنامەنوسان بەبێ ترسی دەستگیرکردن بتوانن ڕاپۆرت لەسەر هەموو تێڕوانینێک بکەن بەوانەشەوە کە پێچەوانەی تێڕوانینی دەسەڵاتدارانن.

دەبێت بەرپرسان دەستبەجێ ڕێگا بە کردنەوەی ئۆفیسەکانی کەناڵی (ئێن. ئاڕ.تی) بدەن و خۆیان لە هەموو کارێکی تۆقاندن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنوسان دووربخەنەوە.

وویڵی ووتی، "حکومەتی کوردستان مافی بێدەنگ کردنی ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان و داواکاریەکانیان نیە. هەروەها بە دڵنیاییەوە مافی داخستنی تەواوی کەناڵێکی نیە بەشيوەیەکی نایاسایی تەنها لەبەرئەوەی ڕوماڵی خۆپیشاندانی کردووە."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country
Topic