Skip to main content

هەرێمی کوردستانی عێراق: دادگاییەکی پڕلە کەموکورتی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان

دەبێت دادگای پێداچوونەوە ڕەچاوی ئەو هەموو ناڕێکیە لە پرۆسەکەدا بکات

خێزانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسەکان لە ڕۆژی دادگایکردنی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دانیشتوون لە دەرەوەی سەرۆکایەتی داداگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر. © 2021 NRT Digital Media

(بەیروت)— هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگایەکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پرۆسەیەکی پڕ لە کەموکورتیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەوان و دوو ‌‌‌چالاکواندا سەپاند. بەرپرسان هێشتا دوو کەسی تریان لە زیندان ئازاد نەکردووە سەرەڕای بڕیاری دادگا لە نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ دادگایکردنیان. هیومان ڕایتس ۆوچ لەم کاتەدا تۆێژینەوەکەی لەسەر دادگایکردنەکان بڵاودەکاتەوە لەبەرئەوەی ئەگەری زۆر هەیە لە دەرکردنی بڕیاری پێداچوونەوەی کەیسەکان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە.

پرۆسەی دادگایکردنی ئەم کەسانە لە دادگای تاوانەکانی هەولێر پێشێلکاری یاسایی و دەستتێوەردانی سیاسی زۆری تێدا بوو. دەبێت ئەو بەرپرسانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەی کەیسەکان بڕیاریان هەیە ئەم پێشێلکارییانە ڕەچاو بکەن لە کاتی بڕیاردان لە پێداچوونەوەی کەیسەکان. بەرپرسانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان هەستان بە دەستگیرکردنی دوو پیاو لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵ دەستگیرکردنی پێنچ کەسی تر لە مانگی تشرینی یەکەم بە بیانووی پلاندانان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت. لە مانگی مایس تاوەکو تشرینی یەکەم، چالاکوانان و مامۆستایان لە ناوچەی دهۆک هەستان بە ئەنجامدانی چەند خۆپیشاندانێک بۆ داواکردنی موچەکانیان؛ کە لەلایەن بەرپرسانەوە دواخرابوو.

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "پرۆسەی دادگایکردنی پرکەموکورتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق شتێکی نوێ نیە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەکانی دادگایکردنێکی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵک بەهۆی ئەوەی گوایە پلانیان داڕشتووە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەکی نوێ و لەڕادەبەدەر دەردەخات."

پارێزەرێک کە ناسیاوی یەکێک لە دەستگیرکراوەکانە لەگەڵ سەرچاوەیەکی تری سەربەخۆ کە لە پرۆسەی دادگایکردنەکاندا ئامادەبوون چەند زانیاریەکیان لەسەر پرۆسەکە باسکرد کە جێگەی نیگەرانی بوو. ئەو ڕۆژنامەنوسانەی سزادران پێکهاتبوون لە ئەیاز کەرەم بروشکی، گۆهدار محەمەد زێباری، لەگەڵ شیروان ئەمین شیروانی. دووانەکەی تر، شڤان سەعید عومەر بروشکی و هەرویان عیسا ئەحمەد کە دوو چالاکوانن بەردەوام ڕەخنە لە کارەکانی حکومەت دەگرن و داوای چاکسازی دەکەن.

هەر پێنچ کەسەکە لە دادگایکردنێکی هاوبەشدا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا بەپێی ماددەکانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و ماددەی ١٥٦ی هەموارکراوی یاسای سزادانی عێراقی ؛ کە کاری بەئەنقەست بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەکانی حکومەت بە تاوان دەکات. دەستگیرکراوەکان داوایان بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکان پێشکەشکردووە.

هەروەها سێ سەرچاوەکە ووتیان کە حکومەت بەڵگەی پێویستی لە دژی دوو کەسی تر بەناوەکانی بەدەل بەرواری چالاکوان و ئومێد حاجی ڕۆژنامەنووس نەخستۆتەڕوو بۆ سزادانیان و کەیسەکانیانی گەڕاندۆتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە. بەڵام، بەرپرسان هێشتا ئازادیان نەکردوون لەکاتێکدا لە چاوەڕوانی داواکارانن بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە لەدژیان.

سەرچاوەکان ووتیان شیروانی کە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەستگیرکرا بۆماوەی یەک هەفتە ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە پێنەدراوە لە زینداندا. ناسیاوێکی شڤان بروشکی ووتی لە پاش ئەوەی هێزە ئەمنیەکان دەستگیریان کردووە لە ماڵەکەیدا لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم، خێزانەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ هەوڵیان داوە سۆراخ و شوێنی دەستگیرکردنی بزانن. لە کۆتایدا، ڕيگەی پێدراوە تەلەفۆن بۆ هاوسەرەکەی بکات و پێی بڵێ کە لەلایەن ئاسایشی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێر دەستبەسەرە. سێ سەرچاوەکە ووتیان کە هەر حەوت کەسەکە بۆماوەی چەندین مانگ لەکاتی زیندانیدا پارێزەریان نەبووە، بەوکاتانەشەوە کە لێکۆڵینەوەیان لەلایەن ئاسایشەوە لەگەڵ کراوە و لەبەردەم دادوەری لێکۆڵەر کەیسەکانیان بیستراوە.

لە مانگی مارس، لە پاش ئەوەی ڕێکخراوی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی لەبەرامبەر کەیسی دادگایکردنی دوو لە پیاوەکان دەربڕی، دیندار زێباری ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی لە ئیمەیڵێکدا لە ١٤ی مارس وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوە و وەڵامەکەی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچیش نارد کە تێیدا گووتی، " ئەوان [شیروانی و زێباری] پارێزەریان هەبووە لەکاتی چاوەڕوانی دادگایکردندا."

بەڵام، سێ سەرچاوەکە ئەم بانگەشەیەی زێباریان ڕەتکردەوە و ووتیان کە بەرپرسان بۆ یەکەم جارو تەنها بۆماوەی چەند خولەکێک ڕيگەیان بە پاريزەرەکان داوە قسەیان لەگەڵ بکەن بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دادگا لە بەرواری ١٥ و ١٦ شوبات. هەروەها ووتیشیان کە دەستگیرکراوان زۆر بەکەمی ڕێگەیان پێدراوە خێزان و کەس و کاریان ببینن و تەنها یەک جار ڕێگەیان پێدراوە کە کەس وکاریان ببینن بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە سەرەتای دەستگیرکردنیانەوە. ناسیاوێکی شڤان بروشکی ووتی کە باوکی ڕيگەی پێدراوە یەک جار بۆماوەی پێنج خولەک سەردانی بکات لە کانوونی دووەم بەڵام ئەفسەرانی ئاسایش لەناو ژوورەکەدا بوون لەکاتی سەردانەکەدا.

پارێزەرەکە ووتی خۆیی و چەند پارێزەرێکی تر کە بەرگریان لە کەیسی پیاوەکان کردووە هەوڵی وەرگرتنی فایلەکانیان داوە بەرلە دەستپێکردنی دادگایکردنەکان، بەڵام ئاسایش ڕەتی کردۆتەوە کە فایلەکانیان ڕادەستی پاريزەرەکان بکات سەرەڕایی نامەی دادگا لە پێدانی مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فایلەکان لە ئاسایش. ئەو ووتی، تەنها حەوت ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دادگایکردنەکە، پارێزەرەکان ڕۆژی دەستپێکردنی دادگایکردنەکەیان پێگوترا. پارێزەرەکە ووتی، "پێمان گوترا کە دادوەر نەخۆشەو دەبێت چاوەڕوانی دواخستنی دادگایکردنەکە بکەین، بەڵام لە ناکاو ڕۆژی دادگایکردنەکە ڕاگەیەنراو هیچ کەسمان خۆمان ئامادە نەکردبوو." ناسیاوەکەی بروشکی ووتیشی،کە خێزانەکەی بروشکی نەیانتوانی ئامادەی دادگایکردنەکە بن لەبەرنەبوونی کاتی پێویست.

هەروەها ناسیاوەکەی بروشکی ووتی کاتێک ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش بروشکییان دەستگیرکرد، بەبەرچاوی خێزانەکەیی و منداڵەکانیەوە لێیاندا. پارێزەرەکە ووتی، لەکاتی دادگایکردنەکەدا، شێروانی نەیدەتوانی بەپێوە بووەستێ، دەردەکەوت بەهۆی برینداری جەستەییەوەیە. ئەو بە دادوەری ووت کە هێزەکانی ئاسایش هەڕەشەیان لێکردووە، هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان بۆسەرهاوسەرەکەی و دایکی کردووە ئەگەر نوسراوی دانپێدانانەکە واژوو نەکات. ئەو ووتی، "دادوەر هیچ وەڵامێکی نەدایەوە تەنانەت کاتێک دەیبینی کە ناتوانێت بەپێوە بووەستێت."

پارێزەرەکە و سەرچاوە بێلایەنەکە ووتیان دادوەر و داواکاران بەردەوام و دووبارە باسی زانیارییان "لە سەرچاوەی نهێنیەوە" دەکرد کە گوایە دەستگیرکراوان سیخوڕن، بەڵام هیچ لەم سەرچاوانە لە دادگادا ئامادەنەبوون. لەبەرئەوەی ئەم سەرچاوانە لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوون، پارێزەرانی بەرگریکار چانسی ئەوەیان نەبوو کە پرسیاریان لێبکەن لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەکانیان بکەن. هەردوو سەرچاوەکە کە لە دادگایکردنەکەدا ئامادەبوون ووتیان کە ئەفسەرێکی ئاسایش کە بەشێک نەبوو لە تیمی داواکاران ناوە ناوە هەڵدەستاو دەستی بەرزدەکردەوە؛ پاشان دادوەر ڕێگەی پێدەدا کە بەڵگەی نوێ بخاتە ڕوو کە پارێزەرانی بەرگریکار پێشترو بەهیچ شيوەیەک ئەو بەڵگانەیان نەبینی بوو. دادوەر ڕێگەی بە پارێزەرانی بەرگریکار نەدەدا پرسیاری لێبکەن و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەو بەڵگەکانی بکەن.

هەرسێ سەرچاوەکە نیگەرانیان دەربارەی پاشکۆیی تۆمەتەکان لەدژی بەرگریکاران دەربڕی. بۆ نموونە، ئەو دوو سەرچاوەیەی ئامادەی دادگایکردنەکە بوون ووتیان کە ئەندامەکەی ئاسایش ئاماژەی بە وێنەیەک دەکرد کە شێروانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پۆستی کردبوو لەگەڵ ژێرنووسێک کە دەڵێت گەشتی ئاسمانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کە بۆماوەیەک هەڵپەسێردرابوو دەستی پێکردۆتەوە و ئەندامەکەی ئاسایش جەختی دەکردەوە کە ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی کە شێروانی سیخوڕ بووە.

هەرسێ سەرچاوەکە ووتیان کە زۆرینەی ئەو بەڵگانەی لەلایەن داواکاران و نوێنەرێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو لەکاتی دادگایکردنەکەدا گریمانەبوون و لەسەربنەمای بەڵگەی ڕاستەقینە نەبوون و پارێزەرانی بەرگریکار ڕێگەیان پێنەدرا پێداچوونەوەیان بۆ بکەن.

لە ١٦ی نیسان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی لەبارەی دادگایکردنەکانەوە دەربڕی. ئاسۆس هەردی کە ڕۆژنامەنوسێکی ناودار و چالاکوانێکی مافەکانی میدیاکارانە ووتی کە ئەو لەو باوەڕەدایە هەر حەوت کەسەکە دەستگیرکراوون و دادگایکراون و بەندکراون تەنها لەبەرئەوەی هەوڵی خۆپیشاندانیان لەدژی حکومەتی هەرێم داوە:

"یاسایەک هەیە کە گرەنتی مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەدات، ئەگەر ئەو یاسایەیان پێشێلکردووە، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایی بکرێن،" ئەو ووتی. "یان ئەگەر پێشێلی یاسای ڕۆژنامەوانیان کردووە وەک ڕۆژنامەنووس، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایبکرێن. هیچ هۆکارێک نیە لەپشت ئەوەی کە ئەم کەسانە تاوانبار بکرێن بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە بەهاوکاری لایەنی دەرەوە. داواکاران هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینەیان بۆ ئەو تۆمەتە نەخستۆتەڕوو. لە کۆتایدا، ئەم دادگایکردنە ئەوە دەسەلمێنێ کە پارێزگاریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین چەندە کەمبۆتەوەو هاتۆتە خوارەوە لە هەرێمی کوردستان."

هەروەها هەرسێ سەرچاوەکە نیگەرانیان لەسەر دەستتێوەردانی سیاسی خستەڕوو. زێباری لە ئیمەیڵەکەی مانگی مارسیدا ووتی کە دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و سیاسی نیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دەستتێوەردانی لە پرۆسەکەدا نەکردووە. بەڵام، هەفتەیەک بەرلە دادگایکردنەکە، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی کە دەستگیرکراوان "نە چالاکوانن و نە ڕۆژنامەنووسن." هەندێکیان سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ ووڵاتانی تر کردووە....هەندێکی تریان ئاژاوەگێڕبوون." هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ئەم ووتەیە بە ماوەیەکی کەم بەرلەدەستپێکردنی دادگایکردنەکان دەستتێوەردانێکی سیاسی نەشیاوە لە ئاستێکی باڵا لە کەیسەکان و پێشيلکارییە لە ئەگەری بێتاوانی بەرگریکاران.

پارێزەرەکە ووتی کە تیمەکەی چاوەڕوانی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەن بۆ داواکەیان لە پێداچوونەوەی کەیسەکان. ئەو بەرپرسانەی حکومەت کە بڕیاریان هەیە لە داوای پێداچوونەوەی کەیسەکان دەبێت ڕەچاوی هەموو ئەو پێشيلکاریانە بکەن کە لە پرۆسەی دادگایکردنەکاندا کراوە لەکاتی بڕیاردان لەوەی کە داوای پێداچوونەوەکە پەسەند بکەن یان پشتگیری بڕیارەکەی دادگای تاوانەکان بکەن.

وویڵی ووتی، "سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی کوردستان خراپتر دەکات وەک ناوچەیەک کە تێیدا خەڵک ڕووبەڕووی دادگایکردنی نادادپەروەرانە دەبنەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت و دەربڕینی نیگەرانیەکانیان دەربارەی نوخبە سیاسیەکان."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country