Skip to main content

عێراق: چاکسازی پێویستە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری

ئازادی دەربڕین لە ژێر هەڕەشەدایە، ئەنجامنەدانی لێپرسینەوەی یاسایی لە پێشێلکاری مافەکان بەردەوامە

لایەنگرانی ڕێبەری ڕەوتی سەدری عێراقی موقەتەدا سەدر بەربەستێکی کۆنکرێت دەشکێنن لەکاتی خۆپیشاندانێکدا دژ بە گەندەڵی لە بەغدا، عێراق، 30 تەممووزی 2022.   2022 © ڕۆیتەرز/ ئەحمەد سەعد.

(بەیروت) – هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتی جیهانی ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند، دوای دەیان ساڵ لە ململانێی چەکداری و لە دوای لەشکرکێشیەکانی ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرکردایەتی ئەمریکا، عێراق سەقامگیرترین ماوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام وڵاتەکە بە لاوازای و دابەشکارییەکی قووڵەوە ماوەتەوە بە تایبەت کاتێک ناڕەزایەتییەکان بەهۆی گەندەڵی بەربڵاو، بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە هۆکاری خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی  ساڵی ٢٠١٩یە، چارەسەر نەکراوە.  ئەنجامنەدانی لێپرسینەوەی یاسایی بۆ سەرکوتیکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەردەوام بووە.

سارە سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە هیومان ڕایتس وۆچ ووتی، "پێویستە عێراق سوود لەم قۆناغە ئارامە وەربگرێت بۆ پەسەندکردنی چاکسازی کە پەرەبدات بە ئازادی دەربڕین، دابینکردنی ئاستێکی گونجاوی ژیان بۆ عێراقییەکان و لێپرسینەوە لە پێشێلکردنی مافەکان مسۆگەر بکات بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر لە وڵاتدا. بەبێ چارەسەرکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکان، عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە بکەوێتە خولێکی دیکەی توندوتیژیەوە."

لە چاپی ٣٤ی ڕاپۆرتە جیهانیە ٧٤٠ لاپەڕەیەکەی هیومان ڕایتس وۆچ، پێداچوونەوە بە پراکتیکەکان و شێوازەکانی مافی مرۆڤ لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتدا دەکات. تیرانا حەسەن بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە پێشەکیەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی دەرئەنجامی بووە نەک تەنها بۆ سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ و توندووتیژی لە کاتی جەنگدا، بەڵکو بۆ توڕەیی هەڵبژێردراوی حکومەت و دیپلۆماسی مامەڵەیی کە تێچووی قووڵی بۆ مافەکانی ئەوانەی لە گرێبەستەکەدا نەبوون، هەڵگرتبوو. بەڵام ئەو دەشڵێت نیشانەکانی هیواش هەبوون، کە ئەگەری ڕێگایەکی جیاوازیان نیشان دەدا، و داوا لە حکومەتەکان دەکات کە بەردەوام پابەندی ئەرکەکانیان بن سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ.

شەش ساڵ دوای ئەوەی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دوایین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش)یان گرتەوە ، بارودۆخی ئەمنی بە شێوەیەکی بەرچاو سەقامگیر بووە. بەڵام نزیکەی ١.١٦ ملیۆن عێراقی، لەوانە %٦٠ی دانیشتوانی شارۆچکەی شەنگال، هێشتا ئاوارەی ناوخۆیین و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدان. لە نیسانی ٢٠٢٣، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە شێوەیەکی خێرا و بە ئاگادارکردنەوەیەکی ماوە کەمی پێشوەخت، و سەرەڕای نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی دانیشتوانی کەمپەکە لە ئەگەری ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کەمپی 5ی جەدایی داخست؛کە دواین کەمپی فەرمی بوو بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراقی فیدراڵ.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی ١٠،٠٠٠عێراقییان بە شێوەیەکی نایاسایی وەک گومانلێکراو، یان ئەندامانی خێزانی داعشیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گەڕاندۆتەوە، نزیکەی ٧ هەزار کەسیان لە کەمپی ئەلهەولەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و نزیکەی ٣ هەزار پیاو لە زیندانەکاندا دەستگیرکراون، کە عێراق دەڵێت دادگایی دەکرێن. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و بەرپرسانی ئەمەریکا ستایشی گەڕانەوەکە دەکەن، هەرچەندە هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری ئەوەیان لا درووست بووە  کە ئایا گەڕانەوەکان لەگەڵ بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخش دەگونجێن. 

ژنان و کچان بەردەوامن لە خەباتکردن لە دژی جیاکاری کە لە سیستەمی یاساییدا چەسپاووە. یاسای سزادانی عێراق ڕێگە بە هەندێک حاڵەتی توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات بە بێ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی، لەوانە ئەو بڕگانەی کە ڕێگە بە مێرد دەدات بە شێوازی جەستەیی هاوسەرەکەی سزا بدات، هەروەها کەمکردنەوەی سزاکان بۆ کردەوە توندوتیژەکان لەوانە کوشتن بەهۆی پاڵنەرەکانی بەناو شەرەفەوە. گروپەکانی مافەکانی ژنان بەردەوام بوون لە داکۆکیکردن لە یاساکانی دژ بە توندوتیژی خێزانی، بەڵام هەوڵەکان لە پەرلەمان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ وەستاون.

هەروەها یاسای سزادان ڕێگە بە سزای جەستەیی منداڵان دەدات. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵانی خستەڕوو، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان. لە ماوەی  ٢٠ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان وردە وردە زیادی کردووە. هەژاری، هەست نەکردن بە پارێزراویی و کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندن بۆ کچان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم لاوازترین وڵات بەهۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەواوە ڕیزبەندکردووە، و قەیرانی ژینگەیی لە ڕووی قەبارە و توندییەوە بە بەردەوامی ڕووی لە خراپتر کردووە. یاسای لاوازیی پاراستنی ژینگە و کردارە پیشەسازییە پیسەکان وەک سووتاندنی گاز، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە. بزووتنەوەیەکی ژینگەیی گەشەسەندوو هەوڵدەدات کە باس لەو خراپبوونە ژینگەییانە بکات کە بەهۆی ململانێ و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانەوە دروست بووە، هەروەها دەیەوێت عێراق ئامادە بکات بۆ ڕاستییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و برەوبدات بە دوورخستنەوەی عێراق لە ئابووریەکی پشەبەستوو بە ووزە. وەک چالاکوانانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی، هەوڵەکانیان ڕووبەڕووی هەراسانکردن، ترساندن و هەڕەشە بونەتەوە.

ئازادی گوزارشتکردن و دەربڕین لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەدا بووە. چەندین یاسای ڕێنووسکراوی ناڕوون بەکارهێنراوە بۆ بە ئامانجگرتن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ڕکابەر، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، حکومەت هەڵمەتێکی بۆ بەئامانجگرتنی ''ناوەڕۆک و بابەتی ناپەسەند'' لە ئۆنلاین دەستپێکرد.

سەنبار ووتی، ''لەم ساڵانەی دوویدا، عێراق ڕێگایەکی دووری بڕیوە. پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دڵنیابوون لەوەی کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە کاتێک مافەکان پێشێل دەکرێن، زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی کە عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ بەدیهێنانی.''

 
 

 

 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country