Skip to main content

عێراق

ڕووداوه‌كانی 2020

خۆپیشاندەرێک ئاڵای عێراق ڕادەوەشێنێت و هێزە ئەمنیەکان بە ڕیز وەستاون بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی دژ بە حکومەت لە بەسرە\عێراق. چوارشەممە، تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.

© وێنە AP٢٠٢٠\ نەبیل جورانی

ڕەشبگیری و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتاری نایاسایی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بوە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی عێراقی و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ مستەفا الکازمی لە مانگی مایسی ٢٠٢٠. سەرەڕای نیشاندانی خواستی لەسەرەتاوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە پيشێلکاریە جدیەکانی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتەکەی الکازمی شکستی هێنا لە بەرگرتن و کۆتایی هێنان بە پێشلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە دژی خۆپیشاندەران.

ئەشکەنجەدان و دانپێنانی زۆرەملێ و پێشێلکاری یاسایی بووە شتێکی بەربڵاو لە سیستمی دادوەری عێراقداو بەرپرسان هەستان بە جێبەجێکردنی چەدین سزای سێدارەدان.

بەرپرسان هەستان بە بەکارهێنانی ئەو یاسایانەی بڕگەی ناوزڕاندن و هاندانی تێدایە لە دژی ڕەخنەگران بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانان و خۆپیشاندەرانیشەوە لە پێناو بێدەنگ کردنیان.

پەتای جیهانی کۆرۆنا بەتایبەت کاریگەری و زیانێکی زۆر خراپی لەسەر قوتابیان هەبوو لەکاتی داخستنی قوتابخانەکان لە سەرتاسەری ووڵات و زۆرێکیان چانسی خوێندنیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە نەبوو.

تووندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران

شەپۆلێک لە خۆپیشاندان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستی پێکردو تا کۆیایی ٢٠٢٠ بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی لانی کەم لە ٥٦٠ خۆپیشاندەرو ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بەهۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان بە حشدی شعبیشەوە.

لە تەمووزی ٢٠٢٠، حکومەت ڕایگەیاند کە قەرەبووی ئەو خێزانانە دەکاتەوە کە کەسوکاریان لەدەستداوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا و هەروەها ڕایگەیاند کە سێ ئەفسەری پلە نزمی هێزە ئەمنیەکانی دەستگیر کردووە. ئەوەندەی هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگاداربێ هیچ فەرماندەیەکی باڵا لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە. لە پاش کۆمەڵێک لە کوشتارو هەوڵی کوشتنی بەئەنقەستی خۆپیشاندەران لە بەسرە، لە ئابی ٢٠٢٠ حکومەت هەستا بە لەسەرکارلابردنی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە و بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی پارێزگاکە، بەڵام هیچ کەسێکی دادگایی نەکرد. لە مایسی٢٠٢٠، کاتێک مستەفا الکازمی بووە سەرۆک وەزیران، کۆمیتەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران. تا کۆتایی ٢٠٢٠ ئەو کۆمیتەیە هێشتا هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا نەکردووە.

لە مانگی مایس، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەستان بە دەستگیرکردنی دەیان کەس کە بەنیازی بەشداریکردن بوون لە خۆپیشاندانەکان لە دژی دواکەوتنی مووچە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ وە گیرۆدەی ئەم کێشەیەن. لە خۆپیشاندانێکی مانگی ئابی ٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان لەلایەن فەرمانبەرانەوە کە داوای مووچە نەدراوەکانیان کرد، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستان بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و لێدانی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان.  

بێدەنگ کردنی ئازادی ڕادەربڕین

یاسای سزادانی عێراقی کە مێژووی دەرچوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٩ چەندین بڕگەی بە تاوانکردنی ناوزڕاندنی تێدایە وەک "ئیهانەکردنی کۆمەڵگەی عەرەبی" یان هەر بەرپرسێکی حکومی بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئایا لێدوانەکان لەبەرامبەریان  ڕاستن یان نا. هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە خەڵک بەپێی یاسای ناوزڕاندن زیندانیکراوە، گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکە خۆی لە خۆیدا وەک سزادانیان وایە. قسەکردن لەسەر گەندەڵی و پێشێلکاری هێزە ئەمنیەکان بە تایبەت کارێکی مەترسیدارە.

بەرپرسان هەروەها هەستان بە کارپێکردنی یاساو ڕێنمایی تر بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین. کۆمسیۆنی میدیا و پەیوەندیەکانی سەربە پەرلەمانی عێراق کە ‘’دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە لە ڕووی ئیداری و داراییەوە’’، بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی هەستا بە دەرکردنی چەند ڕێنماییەکی "ناچاری" لەساڵی ٢٠١٤ بۆ ڕێکخستنی میدیا لەکاتی "جەنگی دژبە تیرۆر"  کە دەستەواژەیەکە هیچ پێناسەیەکی بۆ نەکراوە. لە مایسی ٢٠١٩ ڕێنماییەکان پێداچونەوەی بۆ کراو ناونرا "یاساکانی پەخشی میدیا". ڕێنماییەکان بەجۆرێک ئازادی میدیای بەرتەسک کردەوە کە دەبوو پەخشەکانیان پشتگیریکردن بێت لە حکومەت.  

کۆمسیۆنی میدیا و پەیوەندیەکان هەستا بە بەکارهێنانی دەسەڵات و ڕێنماییەکانی بۆ هەڵپەساردنی مۆڵەتی ڕۆیتەرزو غەرامەکردنی بە ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی (٢١ هەزار دۆلار) بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٠ کە تێیدا ڕۆیتەرز گوتبووی گوایە ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە عێراق زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بەرپرسان باسی لێوە دەکەن. بەرپرسان لە ١٩ی نیسان سزای سەر کەناڵەکەیان هەڵگرت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای هاوشێوەی لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنا بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەوانە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ڕۆژنامەوانی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی.

ڕەشبگیری

هێزە عێراقیەکان هەستان بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی گومانلێکراوانی داعش بۆماوەی چەندین مانگ و لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ. بەپێی ووتەی شایەتحاڵان و کەس و کاریان، هێزە ئەمنیەکان بەشيوەیەکی بەردەوام هەڵدەستان بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان بەبێ نیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادگا یان فەرمانی دەستگیرکردن و زۆرجار هیچ هۆکارێکیان بۆ دەستگیرکردنەکان نیشان نەدەدا.

بەرپرسانی عێراقی هەروەها بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خۆپیشاندەرانیان دەستگیر دەکردو پاشان ئازادیان دەکردن، هەندێکیان لە پاش چەند کاتژمێرێک و هەنێکیان لەپاش چەند ڕۆژێک و هەندێکیان لەپاش چەند هەفتەیەک بەبێ هیچ تۆمەتێک.

سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری لەوبارەیەوە، حکومەتی ناوەندی ئامادەنەبوو زانیاری بدات لەبارەی ئەوەی چ دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازی ووڵات مافی یاسایی هەیە لە دەستگیرکردنی هاووڵاتیان و لە چ زیندانیەکدا.

پێشێلکردنی مافی دادگایکردنی دادپەروەرانە

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، یۆنامی لە عێراق هەستا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر هەڵسەنگاندنی سیستمی دادوەری لەسەر بنەمای چاودێریکردنی ٧٩٤ کەیسی دادگایکردن کە ٦١٩-یان پیاو ژن و منداڵ بوون و بەپێی یاسای دژەتیرۆر تۆمەتبارکرابوون. ڕاپۆرتەکە هاوتابوو لەگەڵ دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هیومان ڕایتس ۆوچ سەبارەت بەوەی کە ستاندەردەکانی دادگایکردنی عادیلانە لەکاتی دادگایکردنی کەیسەکانی پەیوەست بە تیرۆر ڕێزی لێنەگیرابوو.

دادوەرانی عێراقی بەشيوەیەکی ڕۆتینی گۆمانلێکراوانی داعیشیان تەنها لەسەربنەمای هەبوونی پەیوەندیان بە گرووپەکەوە سزادەدا لەبری سزادانیان بە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو. دادگایکردنەکان بە خێرای و لەسەر بنەمای دانپێنانی بەرگریکارەکان ئەنجام دەدرا بەبێ بەشداری قوربانیەکان. بەرپرسان بەشێوەیەکی سیستماتیکی مافەکانی گومانلێکراوانیان لە پرۆسە دادگاییەکاندا پێشێل دەکرد وەک بردنی دەستگیرکراو بۆ بەردەم دادوەر لەماوەی ٢٤ کاتژمێرداو ئامادەبوونی پارێزەر لەکاتی لێکۆڵینەوەداو ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان و ڕێگەدان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵیان لەکاتی زیندانیدا وەک لە یاساکانی عێراقیدا گرەنتی کراوە.

دەستگیرکراوان چەندین دیمەنی ئەشکەنجەدانیان لەکاتی لێکۆڵینەوە لە زیندانەکانی موسڵ-ی ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق نیشاندا کە لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردنی ئەشکەنجەدراو. ئەم تۆمەتانە هاوتابوون لەگەڵ ڕاپۆرتەکان لەسەر بەکارهێنانی ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراق لەپێناو ناچارکردنی دەستگیرکراوان بە دانپێنان لەبری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی یاسای تۆکمە.

بەرپرسان دەتوانن سزای یاسایی لە دژی منداڵانی تا تەمەن ٩ ساڵ بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بگرنەبەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغدادو تا تەمەنی ١١ ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کە ئەمەش پێشيلکاری ستاندەردە نێودەوڵەتیەکانە کە تەماشای منداڵانی بە چەکدارکراو لەلایەن گروپەکانەوە وەک قوربانی دەکات و پێویستە هاوکاری بکرێن لە گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا و ئەم ستاندەردانە دەڵێن سزاو ڕێکاری یاسایی لە دژی منداڵی لە تەمەن ١٤ ساڵ کەمتر نەگیرێتەبەر.

بارودۆخی زیندانەکان

بەرپرسان گومانلێکراوانیان لە زیندانی قەرەباڵغ و هەندێک جار لە بارودۆخی نامرۆییانەدا دەستگیرکردوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، بەرپرسان لە مانگی نیسان ٢٠ هەزار زیندانیان ئازادکردوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام هیچ زانیارییەکیان ئاشکرا نەکرد لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانەی ئازادیان کردون یان لەسەر چ بنەمایەک زیندانیەکانیان هەڵبژاردوە بۆ ئازادکردن. کاتێک داوایان لێکرا زانیاری بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن لەسەر ژمارەی زیندانیەکانی عێراق، بەرپرسان ئامادەنەبوون زانیاری لەوبارەیەوە پێشکەش بکەن ئەمەش وادەکات کە مەحاڵ بێت بزانرێت گوایە ئەو ژمارەیەی ئازاد کراوە کێشەی قەرەباڵغی لە ئەندازە بەدەری ناو زیندانەکانی چارەسەرکردووە یان نا. لە مانگی تەمووز، ٣١ کەیسی کۆرۆنا لە زیندانێکی بەغداد هەبوو.

سزای لە سێدارەدان

هاوشانی چین وئێران و سعودیە، عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانی لە جیهاندا تێدا جێبەجێدەکرێت. دادوەری عێراق بەپێی یاسای دژە تیرۆر سزای لە سێدارەدانی بەسەر چەندین کەس کە تۆمەتباربون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش سەپاندوەو هەستا بە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە بەبێ ئاشکراکردنی ژمارەی لەسێدارەدراوان. لە ئابی ٢٠١٩، بەرپرسان هەستان بە بڵاوکردنەوەی داتایەکی وەزارەتی داد کە تێیدا هاتبوو ٨،٠٢٢ کەس سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو کە تێیاندا دەوڵەت ١٠٠ کەسی لە سێدارەدابوو لەنێوان مانگی کانوونی دووەم بۆ ئابی ٢٠١٩، بەڵام هیچ ئامارێکی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئاشکرا نەکرد.

سروشتی پەلەکردن لە دادگایکردنەکانی گومانلێکراوانی داعش ئەو نیگەرانیانە دێنێتە ئاراوە کە دادگاکان سزای لە سێدارەدانیان بەسەر گۆمانلێکراواندا سەپاندووە سەرەڕایی کەموکورتی زۆر لە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکاندا.

بەپێی ووتەی ووتەبێژێکی حکومەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٨-وە سزای لە سێدارەدانی قەدەغەکردووە تەنها لە "چەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێ کە بە پێویست دادەنرێ."

تاوانەکانی داعش لەدژی کۆمەڵگەی یەزیدی بە دەستدرێژی سێکسیشەوە

سەرەڕای ژمارەیەک لە دەستدرێژی سێکسی و بە کۆیلەکردنی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێی ژنان و کچانی یەزیدی لەلایەن داعش بەشێوەیەکی سیستماتیکی تەنانەت لە چەند حاڵەتێکدا بەرگریکاران دانیان بەوە ناوە کە هەستاون بە بەکارهێنانی ژنانی یەزیدی وەک کۆیلەی سێکسی، بەڵام دادگاکان بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی سزایان نەداون کە سزاکەی تا ١٥ ساڵ زیندانیە. لەبری ئەوە، بەپێی یاسای دژتیرۆر، بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوسۆزی و پشتگیری کردنی داعش سزادراون.

لە ٧ی نیسانی ٢٠١٩، سەرۆک بەرهەم ساڵح پرۆژە یاسایەکی بەناوی یاسای ڕزگاربوانی مێینەی یەزیدی ناردە پەرلەمان. ئامانج لە یاساکە چاکسازیکردن و تێکەڵکردنەوەی ژنان و کچانی یەزیدیە بۆ ناو کۆمەڵگاو دابینکردنی هۆکاری ئابووریە بۆیان و یاساکە دەڵێ، "یاساکە بەشيوەیەکی سیمبولی دان بە جینۆسایدی دژی یەزیدیەکان دەنێت." بەڵام پرۆژە یاساکە کەموکورتی تێدایە وەک سنوردارکردنی پێناسی ڕزگاربوو تەنها بۆ ئەو ژن و کچە یەزیدیانەیە کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و پاشان ئازادکراون. یاساکە پیاوان و کوڕان ناگرێتەوە لەگەڵ ڕزگارکراوان و قوربانیەکانی داعشی ناو کۆمەڵگەکانی تر.

سزادانی بە کۆمەڵ

هێزە ئەمنیەکانی عێراق بە هەزاران خێزانی عێراقی کە تۆمەتباریان کردبوون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، هەندێک جار بەهۆی ناوی خێزانی یان پەیوەندی خێڵەکی یان شوێنی نیشتەجێبوون، بێبەشکردوە لە پێدانی ئەستۆپاکی ئەمنی کە پێویستە بۆ دەرهێنانی ناسنامەو دۆکیومێنتەکانی تری باری شارستانی. هەروەها بێبەشیان کردوون لە ئازادی هاتوچۆو مافی خوێندن و کارو سوودە کۆمەڵایەتیەکان و ناسنامەی مردن و لەدایک بوون کە پێویستە بۆ میراتی موڵکداری و دووبارە هاوسەرگیری کردنەوە.

بەرپرسان ڕێگریان کردوە لە هەزاران منداڵانی بێ ناسنامە لە چوونە قوتابخانە حکومیەکان بەو قوتابخانانەشەوە کە لە ناو کامپی ئاوارەکاندان.

هەندێک خێزان ئەستۆپاکی ئەمنیان پێدرا بەمەرجی نیشاندانی خواست لە بێبەریکردن و کردنەوەی دۆسیەی تاوان لەدژی ئەو ئەندامانەی خێزانیان یان کەس و کاریان کە تۆمەتباربوون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش. لە پاش کردنەوەی دۆسیەکە، دادگا نوسراوێکیان بۆ دەنوسێ بۆ هێزە ئەمنیەکان و ئەوانیش دۆسیەی ئەستۆپاکی دەدەنە خێزانەکان.

لانی کەم لە ٣٠ هەزار عێراقی کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە عێراق هەڵهاتوون، بەوانەشەوە کە لەگەڵ داعش ڕۆیشتوون لەکاتی پاشەکشەی گروپەکەکە لە ناوچەکانی عێراق، ئێستا لە ناو دەوروبەری کامپی هەول لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەرن. لە ساڵی ٢٠١٩، حکومەتی عێراقی گفتوگۆی دەستپێکرد بۆ پلاندانان و گەڕاندنەوەو دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەو ئەو خێزانانەی تر کە تۆمەتباربوون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش لەناو کامپێکی گەورەی داخراودا، بەڵام هێشتا عێراق ڕازی نەبووە بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە. تا کۆتایی ٢٠٢٠، حکومەتی عێراقی هیچ ڕێوشوێنێکی زیاتری سەبارەت بەو عێراقیانەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەرن نەگرتۆتەبەر.   

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری کرد لە هەزاران عەرەب لە گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵ و گوندەکانیان لە ناحیەی ڕەبیعەو قەزای حەمدانیە کە هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیان لەساڵی ٢٠١٤ لە ژێر چنگی داعشی دەربهێنن. ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی بە گوندنشینە کوردەکان دا بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.

مافی ژنان، شوناسی جێندەری، خواستی سێکسی و یاساکانی ئەخلاق

ماددەی ٣٩٤-ی یاسای سزادانی عێراقی سێکسکردن لەدەرەوەی هاوسەرگیری بە نایاسایی دەکات کە ئەمەش پێشێلکاری مافی ژیانی تایبەتی خەڵکەو بەشێوەیەکی بەرچاو زیان بە هاوڕەگەزخوازان و ئەوکەسانە دەگەیەنێ کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە دوو گیانن چونکە دوو گیانی وەک بەڵگە بۆ پێشێلکردنی یاساکە بەکاردەهێنرێت. هەروەها ئەو ژنانەی داوای یاسای پێشکەش دەکەن لەسەر دەستدرێژی سێکسی بۆسەریان  ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبنەوە بەپێی ئەم یاسایە. یاسای سزادانی عێراقی بەشێوەیەکی ڕوون هاوڕەگەزخوازی قەدەغە ناکات، بەڵام ماددەی ٤٠١ی یاساکە دەڵێت هەرکەسێ "کاری نابەجێ" ئەنجام بدات لە شوێنی گشتیدا ڕەنگە ڕووبەڕووی تا شەش مانگ زیندانی ببێتەوە، ناڕوونی ئەم بڕگەیە دەکرێ بەکاربهێنرێ بۆ کردنە ئامانجی جێندەرە کەمینەکان، بەڵام کەیسی لەم جۆرە دۆکیومێنت نەکراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسان ئەنجامدەرانی تاوانەکانی ڕفاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هاوڕەگەزخوازان یان ئەو کەسانەی ڕەگەزیان گۆڕیوە سزا نەداوە بە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانیشەوە. لە ساڵی ٢٠١٢، حکومەت کۆمیتەیەکی پێکهێنا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لەدژی کۆمەڵەی پەلکەزێرینە (ئەوکەسانی هاوڕەگەزخوازن یان ڕەگەزگۆڕاون). کۆمیتەکە چەند هەنگاوێکی سەرەتایی نا بۆ پارێزگاریکردن لەم کەسانە بەرلەوەی هەڵبوەشێتەوە.

لە ساڵی٢٠٢٠، تووندوتیژی خێزانی بەشيوەیەکی بەرفراوان بەردەوام بوو بە کوشتنی ژنان و کچانیشەوە لەلایەن خێزان و مێردەکانیانەوە.

هەرچەندە یاسای سزادانی عێراقی لێدانی جەستەیی بە تاوان دەکات، ماددەی ٤١ (١) مافی یاسایی بە مێرد دەدات ‘’سزای ‘’ژنەکەی بدات و دایک و باوک دیسیپلینی منداڵەکانیان بکەن "بەمەرجێک لە چوارچێوەی یاساو نەریت دەرنەچێت". هەروەها یاسای سزادانی عێراقی سزای یاسای بۆ هەندێک تاوان کەمدەکاتەوە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، بە تاوانی کوشتنیشەوە ئەگەر "بە مەبەستی شەرەف" بێت یان لەکاتی گرتنی ژنەکانیان یان کچێکی خزمیان لەکاتی سێکسکردن لەدەرەوەی هاوسەرگیری. هەوڵە پەرلەمانیەکانی عێراق لە سەرتاسەری ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بۆ دەرکردنی پرۆژە یاسای دژی تووندوتیژی خێزانی بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشت. پرۆژە یاسای ٢٠١٩ی تووندوتیژی خێزانی کە کۆپیەکی دەست هیومان ڕایتس ۆوچ کەوت بڕگەی تێدابوو بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاریکردن لە قوربانیەکان و سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی خێزانی و دامەزراندنی کۆمیتەیەکی هاوبەش لە وەزارەتەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تووندوتیژی خێزانی. بەڵام، پرۆژە یاساکە چەند کەموکورتی و بڕگەیەکی تێدایە کە لە کاریگەری یاساکە کەم دەکاتەوە وەک ئەولەویەتدان بە ئاشتکردنەوە لەبری پارێزگاریکردن و عەدالەت بۆ قوربانیەکە.  

پەروەردە

لە هەرێمی کوردستانی عێراق قوتابخانەکان لە کۆتای مانگی مارسی ٢٠٢٠ داخران تا کۆتایی ساڵی خوێندن و هەروەها لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەغداد لە مانگی مارسەوە تا مانگی تشرینی دووەم بە داخراوی مانەوە بە هۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرناوە. بەپێی ووتەی مامۆستایان و دایک و باوکان و قوتابیان، منداڵانی هەژارو منداڵانی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی شەری داعشەوە ئاوارە بوون زیاتر لە هەموو لایەک زیانیان پێکەوت چونکە دەرفەتی فێربونیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە نەبوو. هەروەها ئەم قەیرانە کاریگەری زۆر زیاتری هەبوو لە سەر زۆرێک لەو منداڵانەی کە بەرلە بڵاوبونەوەی پەتاکە سێ ساڵی خوێندنیان لەدەست چوبوو بەهۆی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیان لەلایەن داعش.

کارەکتەرە سەرەکیە نێودەوڵەتیەکان

پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە هاوبەشی سەرەکی بوو لە شەڕی دژ بە داعش ئاڵۆزی بە خۆوە بینی. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠، گرووپە نەناسراوەکان چەندین هێرشی مووشەکیان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق. لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، ئەمریکا هەستا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا. دوو ڕۆژ لە پاش هێرشکە، پەرلەمانتارانی عێراق هەستان بە دەرکردنی بڕیارێکی ڕەمزی بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بە پێشەنگی ئەمریکا، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا. لە مانگی ئاب، پەنتاگۆن ڕایگەیاند کە یەک لەسەر سێی ژمارەی هێزەکانی لە عێراق کەمدەکاتەوە بۆ ٣٥٠٠ سەرباز.

لە بووجەی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمریکا، کۆنگرێسی ئەمریکا بڕی ٤٥١ ملیۆن دۆلاری لە هاوکاری سەربازی بۆ عێراق تەرخان کرد لەچوارچێوەی پرۆگرامەکانی دابینکردنی پشتگیری دارایی سەربازی بێگانەو دابینکردنی مەشق و پەروەردەی سەربازی نێودەوڵەتی و پرۆگرامی تر. هەروەها گۆنگرێسی ئەمریکا بڕی ٧٤٥ ملیۆن دۆلاری لە بوجەی بەرگری بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆیان بەمەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی داعش تەرخان کرد لەگەڵ دابینکردنی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ ئۆفیسی ئەمنی و هاریکاری لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کە ئەم بڕە پارەیەش بەکاردەهێنرێت بۆ مەشق و پرۆگرامەکانی تر کە لە چوارچێوەی بووجەی فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە ووڵاتانی دەرەوەو هاریکاری دارایی ووڵاتانی دەرەوە دابیندەکرێت.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٠، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیادکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ عێراق ڕاگەیاند بڕەکەش گەیشتە زیاتر لە ٧٠٦ ملیۆن دۆلار لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨وە لەگەڵ ٤٩.٥ ملیۆن دۆلاری تر بۆ هاوکاری ئابوری کۆرۆنا لەگەڵ ٢٢.٧ ملیۆن دۆلاری تر بۆ هاوکاری کردنی ئاوارە سووریەکان لە عێراق.

ئێران کاریگەریەکی زۆری سیاسی لەسەر عێراق هەیە لەڕێگەی چەند پارتێکی سیاسی عێراق و گرووپە چەکدارەکانی ناو حشدی شعبی. هەروەها عێراق پشت بە ئێران دەبەستێت بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی و چەندین پێداویستی سەرەکی تری هاوردەکراو.

هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا لە سەرتاسەری ساڵی ٢٠٢٠ لە کردنە ئامانجی ئەندامانی پەکەکەو پژاکی ئێرانی لە باکوری عێراق بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە ١٢ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان. هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادار نیە لە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە لە ئەگەری ئەنجامدانی پێشێلکردنی یاسای جەنگ لە باکوری عێراق و قەرەبوکردنەوەی هاووڵاتیان.  

لە ساڵی ٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تیمێکی لێکۆڵینەوەی بۆ دۆکیومێنت کردنی تاوانە گەورەکانی داعش لە عێراق دروستکرد. بەڕەچاوکردنی هەڵەی زۆر لە پرۆسەی دادوەری لە دادگایکردنی گومانلێکراوانی داعش و نیگەرانیەکان لەسەر نەبوونی پرۆسەی دادگایکردنی عادیلانە لەم ووڵاتە، ڕوون نیە تا چەند ئەم تیمە دەتوانێت پشتگیری سیستمی دادوەری عێراق بکات لە دروستکردنی کەیسەکان لەدژی تاوانەکانی داعش کە هاوتا بێت لەگەڵ ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان.