Skip to main content

عێراق: هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا ڕەچاوی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی ناکات

دەبێت ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی کە زیانی بە هاووڵاتیانی مەدەنی گەیاندوە بکا و قەرەبوی قوربانیەکانی بکاتەوە

(بەیروت)—هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆسەر گروپێکی چەکداری ئێرانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ووریایی پێویستی تێدا ڕەچاونەکراوە لە پێناو بەرکەوتنی کەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی.

لە بەرواری ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، پەیام تاڵیب تاهیر قاچی چەپی بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکەی تورکیاوە لەدەستدا لە سەیرانگای کونەماسی   © تایبەت ٢٠٢٠ 

هێرشە ئاسمانیەکەی ٢٥ی حوزەیران بووە هۆی کوشتنی ئەندامێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانی ئێران (پژاک)ی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان و بریندارکردنی سیانی تر. هێرشەکە هەروەها بووە هۆی بریندارکردنی شەش هاووڵاتی مەدەنی و گەیاندنی زیان بە سەیرانگای کونە ماسی لە قەزای شارباژێڕ.

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، ''هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆسەر چەکدارانی ئۆپۆسزیۆن لە سەیرانگایەک بووە هۆی بە سەختی برینداربوونی چەند هاووڵاتیەکی مەدەنی. دەکرا زیانی هێرشەکە بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی زۆر زیاتر بوایە. ڕاستە چەکدارەکان هەڵەبوون لەوەی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیان خستۆتە مەترسیەوە، بەڵام دەبوو تورکیا هەموو ووریاییەکی کردارەکی بەکاربهێنایە لە بەرکەوتنی کەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی.''

ماوەی چەندین دەیەیە هێزەکانی تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکەو پژاک لە باکووری عێراق ئەنجام دەدەن. لە ١٥ی حوزەیران، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگ و چنگی هەڵۆی ''لە دژی تیرۆریستان لە باکووری عێراق'' ڕاگەیاند.  لە ٢٥ی حوزەیران، وەزارەتی بەگری ڕایگەیاند کە هێرشی لە دژی لانی کەم لە ٨١ پێگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام داوەو ووتی تا ١٤ی تەموز ٦٢ ''تیرۆریستی'' کوشتوە. ئەمە جگەلەوەی لە هەمان کاتدا، سوپای ئێران تۆپبارانی هێزەکانی پژاکی لە سنورەکان کرد.

سالار محەمەد ساڵحی تەمەن ٤٥ ساڵ کە دانیشتووی گووندی کونە ماسیە ووتی، لە ٢٥ی حوزەیران کاتێک لە ناو دوکانی ئامۆزاکەی بوو بەناوی کەیوان کاوە ساڵح کە چەند مەترێک لە سەیرانگای ئاوی کونە ماسی دوورە، لە دەوروبەر کاتژمێر ٥:١٥ خولەکی دەمەو ئێوارە کاتێک خێزانی ئامۆزاکەی بەناوی پەیمان تالیب زاهیری تەمەن ٣٠ ساڵ و دوو منداڵە تەمەن شەش ساڵ و حەوت ساڵەکەی لە ناو دوکانەکەدا دەبن پیکابێکی سپی بە دووری ٢٠ مەتر لە دووکانەکە ڕادەوەستێ و چوار پیاو بە جل و بەرگی مەدەنیەوە لە پیکاپەکە دێنە دەرەوەو دەچنە ناو دوکانەکە. ساڵح ووتی یەکێک لە پیاوەکان ''هێلکەی کڕی و بە کەیوانی ووت کە هێلکەکانی بۆ بپێچێتەوە بە عەلاگە لەبەرەوەی ڕێگەکەی دوورە.'' ساڵح ووتی، بە شێوازی قسەکردنی و نیشاندانی ڕێز دیاربوو پیاوەکە خەڵکی ئێران بوو هەروەها تەنها ئێرانیش کە لە ناوچەکە هەبووبن چەکداری پژاک بوون. ساڵح ووتی، بە تێگەیشتنی ئەو پژاک بە دووری ٤٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای کونە ماسی حەشارگەیان هەبووە، بەڵام ئەوە یەکەم جار بووە ئەندامی پژاکی لە ناو گوندەکە بینیوە.

ساڵح ووتی، کاتێک ئەو دوکانەکە جێدەهێڵێ، پیاوەکە هێشتا لە ناو دوکانەکەدا دەبێت. پاش چەند خولەکێک و لە کاتژمێر ٥:٣٢ خولەک دەبینێ پیکاپەکە بەر هێرشێک دەکەوێت و پاشان دوکانەکە بەر هێرشی دووەم دەکەوێت. دەزگایەکی میدیای ناوخۆی ڕایگەیاند کە هێرشەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە، و لە نێوان دوکانەکە و ئوتومبێلەکە تەقیوەتەوە.

ساڵح ووتی، تەقینەوەکان و پارچەی تەقینەوەکان ئەو چەکدارەی هێلکەکانی کڕی دەکوژێت و سیانەکەی تریش بریندار دەکات. ئەو ووتی، سێ پارچەش بەر سکی ئامۆزاکەی کەیوانی تەمەن ٣٢ ساڵ دەکەوێت و پارچەیەک بەر قاچی چەپی پەیمانی خێزانی ئامۆزاکەی و پارچەیەکیش بەر سەری کوڕەکەیان دەکەوێت. ساڵح ووتیشی، پزیشکەکان دەترسن لەوەی دەرهێنانی پارچەکە زیانی زیاتری پێبگەیەنێ. ساڵح هەروەها ووتی، هێرشەکە دوو هاوڵاتی تریش لە شوێنەکەدا بریندار دەکات.

بەڕێوبەری ناحیەی کونەماسی شاهۆ عوسمان ووتی، هێرشەکە یەک چەکداری پژاکی کوشتوەو شەش هاووڵاتی بریندار کردووە. ساڵح ووتی، لەکاتی هێرشەکەدا نزیکەی ٤٠ هاووڵاتی مەدەنی لە ناو ئاوی سەیرانگەکەدا بوون. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێ کە لانی کەم پارچەیەک دەکەوێتە ناو حەوزی ئاوی کونە ماسی لە تەنیشت خەڵکەکەوە.

هەرچەندە لە بینینی پاشماوەی ئەو بۆمبەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراوە بە ڕوونی دەرناکەوێ چ جۆرە بۆمبێک بەکارهێنراوە، بەڵام لە قەبارەی هێرشەکەو دەنگی تەقینەوەکەو پارچەکانی و زیانەکانی کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێ لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچ پێداچونەوەی بۆ کراوە دەردەکەوێ کە بۆمبێکی گەورە لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە. سەنگەری پێشەوەی هێزە ئێرانیەکان لانی کەم لە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کونە ماسی بووە لەناو ئێراندا و هیچ هێزێکی پیادەی تورکیش لەو ناوچەیەدا بوونی نەبوە.  

چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکە، سەرکونسوڵی گشتی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێربە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە تورکیا بەردوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی پارتی کرێکارانی کوردسستان و باڵەکانی بێ ئەوی بە تایبەت ناووی پژاک بهێنێت.

دەردەکەوێ سوپای تورکیا نە ووریایی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە لە پێناو بەرکەوتنی کەمترین زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی و نە هەڵسەنگاندنی کردوە لەسەر ئەوەی ئایا زیانەکانی هێرشەکە بە هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەبێت لە ئامانجە سەربازیەکەی هێرشەکە یان نا، ئەوەش وادەکات هێرشەکە بچێتە خانەی هێرشی نایاسایی و زیاد لەقەبارە. هەروەها، چەکدارانی پژاک بە چوونیان بۆ ناوچەیەک کە خەڵکی تێدایە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیان خستۆتە مەترسیەوە.

هێرشەکەی کونە ماسی شەش ڕۆژ دوای هێرشێکی ئاسمانی تری تورکیا بووە کە بووەتە هۆی کوشتنی سێ هاووڵاتی مەدەنی. مەهدی ڕێکانی تەمەن ٥٥ ساڵ ووتی لە ١٩ی حوزەیران کوڕەکەی بەناوی ئازاد مەهدی (تەمەن ٢٦ ساڵ) و دوو هاورێی تری بەناوی موخلیس ئادەم و دیمەن عومەری تەمەن ٢٨ ساڵ کە کاری هەرسێکیان کرێکاری دەبێ بەرەو گوندی شاجی سەربە ناحیەی شیلادزێ بەڕێدەکەون بۆ سەیران کردن. ڕێکانی کە بە تەلەفۆن لەگەڵ کوڕەکەی قسەی کردووە ووتی لە نێوان کاتژمێر ١٠ بۆ ١١.٣٠ی بەیانی ئازاد ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر جادەیەکی بچووکی دەرەوەی گووندێکی نزیک سيدا ڕادەگرێ و لەکاتێکدا بەپێ بەرەو ئۆتۆمبێلەکەیان دەچن، هێرشێکی ئاسمانی هەرسێکیان دەکوژێ.

براکەی موخلیس بە کەناڵێکی ناوخۆی دەڵێ کە بەنهێنی سیخوڕی لەسەر شوێنی هێرشەکە کردوەو لە نزیک شوێنەکە تەرمی دوو چەکداری پەکەکەشی بە دیکردوە، بەڵام ئەندامەکانی تری پەکەکە بەخێرایی دوو تەرمەکەیان لە شوێنەکە بردوەو دوورخستۆتەوە. ڕێکانی نەیزانی کە ئایا کوڕەکەیی و هاوڕێکانی قسەیان لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە کردوە یان نا، بەڵام ووتی کە پەکەکە لە چیاکانی ئەو ناوچەیە بوونیان هەیە و چەکدارەکانیان بەردەوام هاتوونەتە خوارەوە بۆ سەر ڕێگا سەرەکیەکە بۆ وەستان و پرسیارکردن لەو کەسانەی بە ڕێگاکەدا تێپەڕبون.  

دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکیکاری نێودەوڵەتی، لە پەیامێکی ٦ی تەموزیدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کوژرانی ئەو سێ هاوولاتیە مەدەنیەی لەگەڵ سێ ئەندامی پەکەکە لە هێرشێکی ئاسمانیدا پشت ڕاست کردۆتەوە. ئەو ووتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەنامەی دۆکیومێنتاری لەسەر بۆردومانی چڕوپڕی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەوە لەکاتی پێشڕەویەکانی سوپای تورکیا لە ١٦ بۆ ٢٦ی حوزەیران کردوە. زێباری ووتی، هێرشەکانی تورکیا لەو ماوەیەدا بووەتە هۆی کوشتنی لانی کەم لە پێنج هاوولاتی مەدەنی و بریندار بوونی دەیان کەسی ترو زیان گەیاندن بە موڵک و ماڵی هاووڵاتیان.

لە بەیاننامەیەکی ٢٦ی حوزەیرانیدا، وەزارەتی بەرگری تورکیا نکۆڵی کرد لەوەی هیچ هاووڵاتیەکی مەدەنی کوژرابێ لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە نوێیەکەیانەوە.

شایەنی باسە، هیومان ڕایتس ۆوچ پێشتر نیگەرانی سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەربڕیوە.

یاساکانی جەنگ پێویستی دەکەن لەسەر لایەنەکانی شەڕو ململانێ کە ووریایی بەردەوام بەکاربهێنن لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە پێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و هەروەها ''هەموو ووریایی و هەنگاوێک بگرنەبەر'' لە پێناو ڕێگریکردن یان بەرکەوتنی کەمترین  زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوەی مەدەنی. لە نێو ئەم هەنگاوانەش ئەنجامدانی هەموو هەولێک لە پێناو دڵنیابون لەوەی کە ئامانجی هێرشەکان دامەزراوەی سەربازی بن نەک هاووڵاتیانی مەدەنی یان دامەزراوەی مەدەنی، لەگەڵ ''ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی'' هاووڵاتیان ئەگەر بارودۆخەکە ڕێگەیدا. یاساکانی جەنگ ڕێگری لە هێرشی ئەنقەست و زیاد لە قەبارەو هێرشی کوێرانە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.

دەبێت تورکیا هەستێ بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەویەکی بێلایەن و شەفاف و چڕ لەسەر ئەوەی ئایا هێرشەکانیان پێشێلی یاساکانی جەنگیان کردوە یان نا. هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادار نیە لەوەی کە سوپای تورکیا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدابێ لەسەر ئەگەری پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ بۆ هێرشەکانی ڕابردووی. دەبێت بەرپرسانی تورکیا هەستن بە قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی هەر هێرشێکی نایاساییان. هەروەها دەبێت بەرپرسانی عێراقی فشار لە تورکیا بکەن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەو قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی کەیسی هێرشی نایاسایی.

وویڵی ووتی، ''هێزەکانی تورکیا نەزانی زۆریان نیشانداوە لە هێرشکردنە سەر گروپێکی چەکداری بچووک لەناوەڕاستی سەیرانگایەکی قەرەباڵخ. یاساکانی جەنگ ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەکەن کە تێیدا مەترسیە زانراوەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەبێت لە ئامانجە سەربازیە پێشبینی کراوەکەی هێرشەکە.''

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country